بیلال ساڵح، 34 ساڵ و ئاوارە جەمال، 35 ساڵ كە ئامۆزای یەكدی بوون و دانیشتووی هەڵەبجە بوون، شەوی 9/3/2019 لەلایەن كەسێكەوە كە پێشمەرگەیە، كوژران.
بەرزان عوسمان، گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە لەوبارەیەوە بە (رووداو)ی راگەیاند: "رووداوەكە بەهۆی دەمەقاڵەی نێوان سێ كەس بووە كە یەكێكیان پێشمەرگە بووە و دووانەكەی دیكەش پۆلیس بوون. پێشمەرگەكە تەقەی لە دوو پۆلیسەكە كردووە و كوشتوونی، خۆیشی بریندار بووە، بەڵام لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركرا".
سەبارەت بە هۆكاری دەمەقاڵییەكە، بەرزان عوسمان گوتی: "یەكێكیان بە ئۆتۆمبێل رێگەی لەوەی دیكە گرتووە و رێی نەداوە دەربچێ،، ئیدی لەسەر ئەوە بووە بە دەمەقاڵێ، پاشان لە ئۆتۆمبێلەكانیان دابەزیون و تەقەیان لە یەكدی كردووە".
ئاوارە جەمال، باوكی دوو منداڵ، دانیشتووی گەڕەكی بامۆكی هەڵەبجە و كارمەندی بنكەی پۆلیسی هەڵەبجە بوو. بیلال ساڵحیش دانیشتووی گەڕەكی كانی قوڵكەی هەڵەبجە بوو، كارمەندی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پاسەوانی سلێمانی بوو.
مەسعود عەزیز كە هاوڕێی بیلالە و پێش رووداوەكە بە یەكەوە بوون، بە (رووداو)ی گوت :"سەعات 11ی شەو بوو لەگەڵ بیلال چووین بۆ نێو بازاڕ نان بخۆین، خەریكی لەفە خواردن بووین، لەو كاتەدا ئاوارەی ئامۆزای هاتە لامان، گوتی با بە ئۆتۆمبێلەكەم بتانگەیەنمەوە ماڵەوە، منیش گوتم من بە ئۆتۆمبێل نایەمەوە، ئێوە بڕۆن، بیلالیش پێیگوت تۆ بڕۆ خۆمان دێینەوە".
وەك مەسعود باسی دەكات، ئاوارە بە تووڕەییەوە ئەوانی جێهێشتووە، دوای پێنج خولەكێك گوێیان لە دەنگی تەقە بووە. مەسعود دەڵێت: "بیلال رایكرد، منیش دوایكەوتم، بینیمان ئاوارە لەگەڵ كەسێك بە شەڕ هاتووە و گوللەیەكی لە قاچی كەسەكە داوە. بیلال دەیویست ئاوارە لەوێ دووربخاتەوە و بیباتەوە نێو ئۆتۆمبێلەكەی، بەڵام پێشمەرگەكە بە برینداری خۆی گەیاندە ئۆتۆمبێلەكەی و بە كڵاشینكۆفێك دەستڕێژی گوللەی لێكردن و هەڵات".
هەر دوای رووداوەكە پۆلیس گەیشتە شوێنەكە، بیلال و ئاوارەی برد بۆ نەخۆشخانە، بەڵام گیانیان دەرچووبوو. مەسعود دەڵێت: "بیلال هیچ تاوانێكی نەبوو لەكاتی شەڕەكە لەگەڵ من بوو، ئەو رۆیشت بۆ ئەوی بزانێت چی بووە، لەوێ ویستی ئامۆزاكەی لە شەڕەكە دووربخاتەوە، بەڵام بەداخەوە ئەویش كوژرا".
مەسعود هەر زوو پەیوەندی بە برای بیلالەوە دەكات و پێیدەڵێت فریای براكەت بكەوە بریندارە و لە نەخۆشخانەیە. تەحسین ساڵح كە برای بیلالە بە (رووداو)ی گوت :"سەعات 11 بوو براكەم هات گوتی برسیمە، لەگەڵ مەسعودی دراوسێمان دەچم بۆ بازاڕ نان دەخۆین. من كەمێك مەشغوڵ بووم، مەسعود چەند جارێك لە رێگەی مەسنجەرەوە پەیوەندی پێوەكردم، وەڵامم نەدایەوە، هەر وازی نەهێنا، بۆیە تەلەفۆنم بۆ كرد و لێمپرسی شتێك بووە، ئەویش گوتی خێرا بچۆ بۆ نەخۆشخانە بیلال و ئاوارە برینداركراون".
تەحسین گوتیشی: "بەو هەواڵە تووشی شۆك بووم، بیلال هێندە نەبوو لە ماڵ دەرچووبوو، ئەو لەگەڵ مەسعودی دراوسێمان رۆیشت، نازانم چۆن گەیشتبووە لای بیلال".
ئەو كەسەی تەقەی لە بیلال و ئاوارە كردووە لەلایەن بیلالەوە بریندار كراوە. دوای دەستگیركردنی لەلایەن پۆلیسی هەڵەبجەوە، یەكسەر نێردراوە بۆ سلێمانی.
تەحسین دەڵێت: "دوای رووداوەكە چووینە شوێنەكە، لە ئەوانەمان پرسی كە لە كاتی رووداوەكە لەوێ بوون، بەڵام هەموویان دەڵێن نازانین ئەوان لەسەر چی بەشەڕ هاتوون، هەر ئەوەندەیان دیوە كە شەڕە قسە لە نێوان ئاوارە و ئەو كەسە دروستبووە. ئاوارە تەقەی لە كەسەكە كردووە و برینداری كردووە، پاشان كە بیلال چووەتە ئەوێ، كەسەكە تەقەی لە ئاوارە و بیلال كردووە و هەردووكیانی كوشتووە".
تەحسین رەتیكردەوە بیلال و ئاوارە پێشتر كێشەیان لەگەڵ ئەو كەسە هەبووبێ و دەڵێت: "ئێمە ئەو كەسە هەر ناناسین، دوای تاوانەكە لە خەڵكمان زانیوە كە پێشمەرگەیە".
هەروەها دەڵێت "چاوەڕێی لێكۆڵینەوەی پۆلیس دەكەین بزانین ئەو شەڕە لەسەر چی بووە؟".

No comments:
Post a Comment