Wednesday, March 20, 2019

كوڕێك دەستدرێژی دەكاتە سەر خوشكەكەی


(ك.م) لە نیوە شەودا خۆی دەكات بە ژووری خوشكەكەیدا، دەم و دەستی دەبەستێتەوە و دەستدرێژی دەكاتە سەری. ئەو رووداوە بە نهێنی مایەوە تا ئەو كاتەی (ك.م) چووە دەرەوەی وڵات. خێزانەكەی كاتێك ویستیان پشكنین بۆ پەردەی كچێنی كچەكەیان بكەن، پزیشك داوای رەزامەندی پۆلیسی لێكردن، بۆیە ناچار بوون كێشەكە بۆ پۆلیس باس بكەن. ئێستا (ك.م) كە برای كچەكەیە، لەلایەن پۆلیسەوە بە هەڵاتوو ناوی تۆمار كراوە.

(ت.م) كە قوتابی قۆناغی دووی پەیمانگە بووە، دەڵێت ئەو رۆژە "گەشتی زانستی"ی پەیمانگەیان هەبووە، ئێوارە كە گەڕاوەتەوە زۆر هیلاك بووە، یەكسەر چووەتە ژوورەكەی و خەوتووە. (ت) دەڵێت: "براكەم لەكافتریایەك كاری دەكرد، شەوانە برادەری دەهێنایەوە ماڵەوە. تا درەنگ خەریكی نێرگەلەكێشان دەبوون".

(ت) باسی ئەو شەوە دەكات كە براكەی دەستدرێژی كردووەتە سەری و گوتی: "كە بەخەبەر هاتم، دەم و دەستم بەسترابوونەوە، براكەم جلەكانی لەبەر داكەندبووم، دەیویست دەستدرێژیم بكاتە سەر، هەرچەند هاوارم دەكرد دەنگم نەبوو. وەكو گورگێكی برسی تێمئاڵابوو، ‌دواتر رۆیشتەوە ژوورەكەی خۆی، منیش خێرا خۆم گەیاندە لای دایكم و باوكم".

بە گوتەی (ت) خێزانەكەی هەڵوێستی توندیان بەرامبەر براكەی نەبووە، هەر ئەو شەوە بردوویانەتە ماڵی مامی، پاشان براكەی هەڵاتووە بۆ دەرەوەی كوردستان. (ت) دەڵێت: "دوایی دایكم چەند پارچە حەبێكی لە ژووری براكەم دۆزییەوە، لەوەوە زانیمان فێری بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر بووە".

دوای ماوەیەك خێزانەكەی دەیبەن بۆ لای پزیشك بۆ ئەوەی پشكنینی پەردەی كچێنی بۆ بكەن، بەڵام پزیشكەكە داوای رەزامەندی پۆلیسیان لێدەكات، بۆیە باوكی ناچار دەبێت رووداوەكە بۆ پۆلیس باس بكات. پاشان پۆلیس (ت) دەنێرێ‌ بۆ شوێنێكی پارێزراو.

(ت) دەڵێت: "سەرەتا منیان برد بۆ لای مامانێك، كاتێك پشكنینی بۆ كردم گوتی پەردەی كچێنی نەماوە، مامانەكە بۆ درووینەوەی پەردەكە داوای 2000 دۆلاری كرد، دایكم و باوكم رازی بوون، بەڵام من رازی نەبووم و گوتم دەبێ‌ پزیشك پشكنینم بۆ بكات. پزیشك پشكنینی بۆ كردم، دەركەوت كچێنیم لەدەست نەداوە". 

 چەند مانگێك بەسەر رووداوەكەدا تێپەڕیوە، بەڵام دۆخی دەروونیی (ت) هێشتا ناجێگیرە و لەژێر چاودێریی  پزیشكدایە، ئەو كچە ئێستا ناهێڵێ هیچ نێرینەیەك تەنانەت باوكیشی دەستی بەر دەستی بكەوێ‌.

رائید هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە (رووداو)ی گوت: "ئەگەر ئەو خێزانە سكاڵایان تۆماركردبێ‌، ئەوە ناوی تۆمەتبارەكە دەدەینە پۆلیسی ئینتەرپول".

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، حاڵەتەكانی دەستدرێژی روو لە هەڵكشانن، ساڵی رابردوو 145 حاڵەتی دەستدرێژی تۆماركراون كە زۆربەیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بووە و 45 حاڵەت بووە، لە كاتێكدا لە ساڵی 2017 دا 22 حاڵەت لە سنووری ئەو پارێزگایە تۆماركرابوون.

هەر بەپێی ئامارەكانی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە، ساڵی رابردوو لە هەولێر 32 حاڵەت، لە دهۆك 35 حاڵەت، لە گەرمیان 12 حاڵەت، لە راپەڕین 15 حاڵەت و لە سۆرانیش شەش حاڵەتی دەستدرێژی تۆماركراون.

هیوا كەریم، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان لە سلێمانی بە (رووداو)ی گوت: "ئەوانەی دەستدرێژییان كراوەتە سەر زۆربەیان ئەو كچانەن كە بەناوی خۆشەویستی و هاوسەرگیرییەوە هەڵخەڵەتێنراون". 
بەگوێرەی بەدواداچوونی (رووداو)، هەندێك لە حاڵەتەكانی دەستدرێژی لەلایەن كەسانی پلە یەكی ئافرەتەكەوە بوونە، بەڵام ژمارەیان كەمە.

عومەر گوڵپی، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی لە سلێمانی بە (رووداو)ی  گوت: "بە ژمارە بۆتان باس ناكەم، بەڵام بە دڵنیاییەوە هەندێك لە حاڵەتەكانی‌ دەستدرێژی (ئەگەرچی ژمارەكەی كەمە) لەلایەن كەسی پلە یەكی ئافرەتەكەوە بووە".

سزای دەستدرێژی چییە؟


بەپێی مادە 393 لە یاسای سزادانی عێراقی، سزای دەستدرێژی بریتییە لە:

1- سزادەدرێ‌ بە حەپسكردن یان كاتی، هەر كەسێك بەبێ‌ رەزامەندی لەگەڵ مێیینەیەك جووت ببێ‌.
2- لەو حاڵەتانەدا بە لێكەوتەی توند دادەنرێ‌ كە:
- ئەوەی دەستدرێژی كراوەتە سەر تەمەنی لە 18 ساڵ كەمتربێ‌.
- تاوانبار خزمی پلە سێی تاوانلێكراو، یان سەرپەرشتیاری بێ‌، یان تاوانلێكراو خزمەتكاری بێ‌.
- ئەگەر تاوانبار فەرمانبەر، پیاوی ئاینی و پزیشك بوو.
- ئەگەر دوو كەس یان زیاتر بەشدارییان لە تاوانەكەدا كردبێ‌
- ئەگەر تاوانلێكراو بەو هۆیەوە تووشی نەخۆشیی میزەڕۆ بوو.
- ئەگەر تاوانلێكراو پەردەی كچێنی لەدەستدا یان سكی پڕ بوو.
3- ئەگەر تاوانلێكراو بەو هۆیەوە مرد، تاوانبار سزای هەتاهەتایی دەدرێ‌.
4- ئەگەر تاوانلێكراو پەردەی كچێنی لەدەست نەدا، دەبێ‌ قەرەبوویەكی گونجاو بكرێتەوە.

No comments:

Post a Comment